ماڵه‌وه‌ · دابه‌زاندنه‌کان · لینکه‌کان · به‌شه‌کانی هه‌واڵ October 22 2017 22:57:01
پێرستی سه‌ره‌کی
ماڵه‌وه‌
دابه‌زاندنه‌کان
پرسیار و وه‌ڵام
لینکه‌کان
به‌شه‌کانی هه‌واڵ
په‌یوه‌ندی
ئه‌لبومه‌کان
گه‌ڕان
چوونه‌ژووره‌وه‌

ریاز درار بۆ رووداو: هەوڵ بۆ رووخاندنی دەوڵەتی سووریا نادەین

 ریاز درار، 63 ساڵ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیکە، یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و خەڵکی دێرەزوورە. درار پێشتر بۆ ماوەى پێنج ساڵ (2005 – 2010) لەلایەن رژێمى سووریاوە دەستگیر کراوە، بەوە تۆمەتبار کرابوو کە سۆزى بۆ "جوداخوازانى کورد" هەیە و هەوڵى دابەشکردنى وڵات دەدات. ئێستاش لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسى روئیاى ئەنجوومەنەکەیان بۆ ئایندەى سووریا، پەیوەندى لەگەڵ رژێمى بەعسى سووریا و لەگەڵ تورکیا و کێشەکانى نێوان ئەنجوومەنى نیشتیمانیى کورد لە سووریا و تەڤگەرى جڤاتى دیموکراتیکى سەر بە پەیەدە دەکات.

رووداو: ئامانجی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک چییە؟


ریاز درار: ئەنجوومەنی دیموکراتیکی سووریا لەپێناوی هەموو سووریادا کاردەکات، دەیەوێ مامەڵە و هاوکاری لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی سووریادا هەبێت بەبێ جیاوازی و، دروشمێکی نوێ و جیاواز لە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەرز بکاتەوە.
?

رووداو: کۆتاییهێنان بە رژێمی بەشار ئەسەد یان حیزبی بەعس ئامانجی ئێوەیە؟

ریاز درار: دونیابینی سیاسیی ئێمە دەڵێ ئەم رژێمە ژێرخانەکەی لەرزۆکە و ناکرێ چاک بکرێتەوە و دەبێ بگۆڕدرێت. دەسەڵاتێکی سەرکوتکارە و تەنیا بڕوای بە کۆنترۆڵکردن هەیە، لەبەرئەوە ناکرێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

رووداو: بۆچی ئۆپۆزیسیۆن رازی نەبوون ئێوە لە دانوستاندنەکانی ئاستانا و جنێڤ بەشداری بکەن؟

ریاز درار: لە جنێڤەوە بەشداریمان رەتکرایەوە و هۆکارەکەش کاریگەریى ئەو شوێنەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی لێیە، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئامانج و ئاراستەی بیرکردنەوەیان هەیە. ئەوان بۆچوونێکیان هەبوو کە پێیوایە ئەو کۆمەڵە جا چ بەناوی پەیەدەوە بێت کە تورکیا شەڕی لەگەڵ دەکرد، یان بەناوی هێزە شەڕکەرەکانی ناوخۆوە بێت، لەبەرئەوەی ئەوان راستەوخۆ رووبەڕووی ئەو هێزانە دەبنەوە کە دەیویست لە رێگەی رەئس عەینەوە بچێت بۆ دیمەشق. هەندێک پشتگیریی ئەوەیان دەکرد کە ئەوانە نوێنەرایەتی ئۆپۆزیسیۆن ناکەن یان تۆمەتباریان دەکردن بەوەی ئەوان دیوێکی دیکەی رژێمن لەبەرئەوەی ئەوان دامەزراوەکانی رژێمیان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان دەرنەکردووە. راستییەکەى رژێم دەسەڵاتەکانی خۆی لە ناوچەکە گۆڕیوە و دامەزراوەکانی مووچەی خەڵکی نیشتەجێی ناوچەکە دەدەن و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن. ئەوانە ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتن کە نابێ بکەون و ئەوەش بۆچوونێکی جیاوازە لەوەی ئۆپۆزیسیۆن کە دەیویست هەموو شتێک بڕووخێنێ، لەپێناوی وەرگرتنی کورسی.

رووداو: بەڵام ئۆپۆزیسیۆن یان ئیئتیلاف یان دەستەی باڵای دانوستاندنەکان، ئێوە بە ئۆپۆزیسیۆن نازانن و دەڵێن ئێوە نزیکی رژێمن؟

ریاز درار: ئەوە هەر تۆمەتێکە تا ئەوکاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێت، ئێمە کاتێک ناچار بکرێین رووبەڕووی رژێم دەبینەوە وەک رژێم نەک وەک سوپای سووریا، وەک دامەزراوەی دەوڵەتی سووریا پارێزگاری لە سوپا دەکەین و رووبەڕووی نابینەوە مەگەر بەناوی رژێمەوە رووبەڕوومان ببێتەوە. ئێمە نامانەوێ لەڕووی سەربازییەوە رووبەڕووی ببینەوە، ئێمە سیاسییانە رووبەڕووی دەبینەوە. هەرچی ئەوانی دیکەیە قسە دەکەن و هیچیان نییە تەنیا چەند هێزێکی پەرت نەبێت کە خۆی دەکوژێت و شەڕ لەگەڵ خۆی دەکات و دەیەوێت ئەوانی تۆ وا پێشان بدات کە بەسەر پشتی تانکەوە دەچیتە ژوورەوە. ئەو کەسانە هیچ بەدەست ناهێنن لەسەر مێزی دانوستاندن.

رووداو: هیچ پەیوەندی و هەماهەنگییەک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا یان دیمەشقدا هەیە؟

ریاز درار: بێگومان نییە، تەنیا یەکجار روویدا، ئەویش لە منبج بوو، ئەویش لەبەرئەوەى تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی دەکرد لە منبج، ئەگەر ئەو هەڕەشەیە نەبووایە پێنج گوند رادەستی رووسەکان نەدەکرا.. ئێمە کارێکی تەکتیکیمان کرد بۆ پاراستنی منبج لە دەستێوەردانی تورکیا.

رووداو: بەڵام سوپای سووریا رووبەڕووتان نابێتەوە؟


ریاز درار: ئەگەر بیەوێت رووبەڕوومان ببێتەوە، وەڵامی خۆی وەردەگرێت وەک ئەوەی لە حەسەکە روویدا کە نەیتوانی یەک هەنگاویش بێتە پێشەوە و بەپێچەوانەوە ناوچەی لەدەستدا.

رووداو: بەڵام لەو ناوچانەی هێزەکانی ئێوەى لێیە، هەموو دامەزراوەکانی سووریا لە هەواڵگری و سوپا و بارەگاى حیزبی بەعس هەن. بەرپرسانی گەورە لە دیمەشقەوە دێن و کۆڕ و کۆبوونەوە لە ناوچەکانی ئێوە دەبەستن؟

ریاز درار: ئێمە لە سووریا جیانەبووینەتەوە، راشماننەگەیاندووە کە حیزبی بەعس حیزبێکە دەبێ لە کایەی سیاسی بکرێتە دەرەوە، بەڵام دەسەڵاتی نییە و گوشاری لەسەر جەماوەر دروستنەکردووە، بەڵکو ئەو بانگەشە دەکات وەک هەر رێکخراوێکی دیکە، بەڵام کۆنترۆڵی ناوچەکانی نەکردووە لەبەرئەوەی دامەزراوەکان دامەزراوەی دەوڵەتن و دامەزراوەی رژێم نین، بۆیە ماونەتەوە. سووریا هێشتا ماوە و ئێمە دەوڵەتی سووریامان نەڕووخاندووە و هەوڵیش بۆ رووخاندنی نادەین.

رووداو: کەواتە لەو ناوچانەدا پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبی بەعسدا هەیە؟

ریاز درار: پەیوەندی راستەوخۆ نییە، پەیوەندییەکە بەهۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوەیە.

رووداو: حیزبی بەعس مۆڵەتی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وەرگرتووە بۆ جموجۆڵ و چالاکییەکانی؟
ریاز درار: پێموایە دەبێ حیزبی بەعس بەر لەوانی دیکە مۆڵەت وەربگرێ.

رووداو: حیزبی بەعس مۆڵەتی وەرگرتووە یان نا؟

ریاز درار: زانیاریم نییە لەسەرى.

رووداو: تا ئێستا هیچ لقێکی حیزبی بەعس نە لە قامشلۆ و نە لە حەسەکە دانەخراوە، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەڵێ هیچ حیزبێک نابێ بەبێ مۆڵەت دەرگای بارەگاکەی بکاتەوە؟

ریاز درار: بەڵێ مۆڵەتوەرگرتن پێویستە و بڕیارەکە دەرچووە.

رووداو: مامەڵەی سیاسی لە نێوان ئەمریکا و ئەنجوومەنی دیموکراتیی سووریادا هەیە؟


ریاز درار: زیاتر لە سەردانێکیان کردووە بۆ هاوئاهەنگی و لەوانەیە ئەو بابەتە زیاتر پێشبکەوێ. پرۆسەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەو پشتگیرییەی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دێت لە ئەمریکاوە بۆ شەڕی داعش، پشتگیرییەکی هاوبەش و هاوپەیمانییە و دەکرێ بگوازرێتەوە بۆ هەنگاوێکی سیاسی.

رووداو: دانپێدانانی سیاسی لە ئەمریکاوە بۆ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هەیە؟

ریاز درار: دانپێدانانی راستەوخۆ دەرنەچووە، هاوهانگی هەیە و سەردان هەیە.

رووداو: ئێوە لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەدن لە دەسەڵات؟

ریاز درار: وەک گوتمان ئەم رژێمە...

رووداو: رژێم مەبەستت حکومەتی سووریا و حیزبی بەعس و بەشار ئەسەدە؟

ریاز درار: نەخێر مەبەستمان هەموو دامەزراوەکانی ناو حکومەتی سووریا و دەوڵەتی سووریایە، پڕۆژەی ئێمە مانەوەیەتی و ئەویدیکە چاکسازییە لە سوپا و ئاسایش کە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، لەبەرئەوەی ئێستا سوپا و ئاسایش پێویستیان بە سەرلەنوێ بونیادنانەوە هەیە، ئەمەش بەشێکە لە پێشنیاز
? وەک هەموو پێشنیازە سیاسییەکانی دیکە کە دەیانخەینە روو، پێویستی بە گوشار نییە و لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا نین.

رووداو: ئێوە ئامادەن بۆ دانوستاندن لەگەڵ رژێم؟

ریاز درار: باشترە ئێمە و بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بچینە ناو دانوستاندنەوە، ئەمە قۆناغی یەکەمە کە ئێمە ئامادەین کاری بۆ بکەین و ئەوەش دەبێتە گوشارێک لەسەر ئۆپۆزیسیۆن کە دەبێ ئێمە لایەنێکی کاریگەری ناوی بین، چونکە ئێمە بەشێکی سەرەکی ئۆپۆزیسۆنین.
رووداو: ئێوە خۆتان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن؟

ریاز درار: بەڵێ خۆمان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانین. ئێمە ئۆپۆزسیۆنی رژێمین، چونکە رژێمێکی سەرکوتکارە، گەلەکەی سەرکوت کردووە و ئێستا پەیڕەوی لە سیاسەتی وێرانکاری دژ بە گەلی سووریا دەکات و بەوەش ئێمە پێکهێنەری ئەو ئۆپۆزیسیۆنەین، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنێک کە داوای چارەسەری سیاسی دەکات.

رووداو: ئەو رێککەوتنە ئەمریکییە چییە لەگەڵتان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە و دەرکردنی داعش، ئێوە وەک ئەنجوومەن ئاگاداری ئەو رێککەوتنەن؟

ریاز درار: ئەمریکییەکان بەو بیرۆکەیەوە هاتوونەتە ناوچەکە کە دەیانەوێ ناوچەکە لە دەستی داعش رزگار بکەن، لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بمێننەوە. ئەوان شێوازی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەبەن و رازی نابن تەنیا رووسەکان گەمەکە بەڕێوە ببەن لە سووریا. ئەم دەستێوەردانەیان وا پێویست دەکات کە ئێمە لە گەمەکە تێبگەین و بزانین چۆن بەرژەوەندییەکانی خۆمان لە رێگەی بوونی ئەوانەوە بەڕێوەببەین.

رووداو: رێککەوتنەکە نووسراوە یان زارەکییە یان پڕۆتۆکۆڵییە لە نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سووریاى دیموکرات؟

ریاز درار: هیچ شتێکی نووسراو نییە کە راگەیەنرابێت و هاوئاهەنگییەکە راستەوخۆیە.
رووداو: ئەو هاوکارییە سەربازییانەی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەنێرێت چۆن دەگات؟ بە رێگەی ئاسمانی یان زەمینییە، لە تورکیاوە دێت یان هەرێمی کوردستان؟
ریاز درار: لە رێگەی ئاسمانییەوە دێت.

رووداو: بۆ نموونە تانک، تۆپ؟


ریاز درار: ئەمە کاری بەرپرسە سەربازییەکانە، ئەوان بە رێگە و شێوازی خۆیان دەتوانن بیگەیەنن.
رووداو: کەواتە ئێوە ئاگاداری چۆنیەتی گەیشتنی نین؟

ریاز درار: من وەک سیاسییەک نەخێر ئاگادار نیم. من لە بابەتە سەربازییەکانەوە نزیک نیم، ئاگام لە بابەتی چەک و چۆنیەتی هاتن و دەرچوون و کێ دەیهێنێت نییە.

رووداو: مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵتان مامەڵەیەکی نووسراو و پڕۆتۆکۆڵی نییە، ئەگەر داعش کۆتایی بێت، هەر بە شێوەی زارەکی دەمێنێتەوە؟

ریاز درار: هەندێک هەنگاو هەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک کە دەبێ تۆمار بکرێت.
رووداو: پێتوانییە ئەمریکا تەنیا بەکارتاندێنێ بۆ لەناوبردنی داعش؟

ریاز درار: من لەگەڵتم کە دەبێ ئەوە لەنێو لێکدانەوەکاندا بێت، هەروەها پلانی دیکەمان هەبێت چونکە ئێمە کاردەکەین لەپێناوی هەموو سووریادا، ئەگەر چارەسەر بۆ کێشەی سووریا بدۆزرێتەوە ئێمە کێشەکەمان چارەسەر بووە.

رووداو: ترستان هەیە لەوەی پاش داعش ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەجێتان دەهێڵن؟

ریاز درار: بە مەترسی نازانین و ئەگەر بەجێیانهێشتین سەرلەنوێ خۆمان دروستدەکەینەوە.

رووداو: دەڵێن یەپەگە یان پەکەکە کۆنترۆڵی ئێوەیان کردووە، ئەوان ئێوە بەڕێوەدەبەن؟


ریاز درار: من وەک خۆم کەس لە دەرەوەی چوارچێوەی سوورییەکان قسەی لەگەڵ نەکردووم، لە میانی هەموو چاوپێکەوتنەکانماندا تەنیا ئەو سیاسەت و پڕۆگرامانە هەبووە کە لێمان کۆڵیوەتەوە. لەبەرئەوە من پێموایە هیچ ئاراستەکردنێک نییە و تەنیا قسەی میدیایی دژەکارانەیە.
رووداو: کەواتە شێوازی دۆستایەتی و نزیکایەتی ئێوە و پەیەدە چۆنە؟

ریاز درار: پەیەدە حیزبێکی سوورییە، پەیوەندیمان لەگەڵیان هاوشێوەی ئەو پەیوەندییەیە کە لەگەڵ پارتەکانی دیکە هەمانە.

رووداو: ئێوە هیچ سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنێکتان بۆ ناوچەی خۆبەڕێوەبەری کوردی یان هێزەکانی ئاسایشی ئەوێ هەیە؟

ریاز درار: تاوەکوو ئێستا سەرکردایەتییەکی مەرکەزی نییە کە ئاراستەکان دیاری بکات. ئێمە کیانێکی سیاسین، ئەو هێزانەی سووریا سەر بە ئێمەن کە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، ئیدارەی خۆسەری هەیە کە شکڵێکی کارگێڕییە و کارەکانی خۆی دەکات. دامەزراوەیەکە بەر لەوەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات دابمەزرێت هەبووە، لەبەرئەوە جۆرێک لە جۆرەکانی دەسەڵاتى هەیە لە شێوەی سیستمی فیدراڵی کە بڕیاری دروستکردنی دەرچووە و سەرۆکایەتی هاوبەشی هەیە، هەموو ئەم دەسەڵاتانە هاوئاهەنگییان لە نێواندا هەیە، پێموایە لە ساتەکانی داهاتوودا هەمووان شوێنی سروشتی خۆیان دەبێت کە لە رێگەیانەوە پەیوەندییە سیاسییەکان و سەربازییەکان دروستدەکەن.

رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا هەیە؟

ریاز درار: تورکیا دراوسێیەکی گەورەیە و بە درێژایی زیاتر لە 900 کیلۆمەتر هاوسنوورمانە، دەمانەوێ لەگەڵمان مامەڵە بکات لەسەر بنەمای سووریا نەک لەسەر بنەمای پێکهاتەی کوردی یان ئەو پێکهاتەیەی کە لێرە و لەوێوە هاتووە، یان پێکهاتەیەکی عەرەبی لەسەر حیسابی پێکهاتەی کوردی پشتگیری بکرێت بەهەندێک رێگا کە مایەی قبوڵکردن نییە. لەبەرئەوە ئێمە بە تورکیا دەڵێین دەبێ تێڕوانینی بۆ سووریا بەو چاوە بێت کە سووریا هی هەموو سوورییەکانە.

رووداو: چۆن لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان پەیەدە و هەرێمی کوردستان دەڕوانیت؟


ریاز درار: ناکۆکی کوردی - کوردی هەیە، ئەوان برا و دۆستن، ناکۆکی سیاسی دەکرێ بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت، بەبۆچوونی من چارەسەرکردنی ناکۆکیە سیاسییەکان دەکرێ بە هەنگاوی پۆزەتیڤ دەستپێبکەین، هەنگاوی لێبڕاوانە و درێژ، لەسەر تەنیا یەک کۆبوونەوە دانەمەزرێت کە هەندێک بڕیاری تێدا وەربگیرێت و بچین لەسەر ئەو بڕیارانە بنووین، بڕیارەکان هەنگاو هەنگاو جێبەجێ دەکرێن، لە بچووکەوە دەستپێدەکەین تا بە گەورە کۆتایی پێ بهێنین.

رووداو: هیچ بانگەوازێکت بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە؟

ریاز درار: داوایان لێدەکەم دانایی بەکاربهێنن کە لەڕێگەیەوە دەتوانن پەیوەندییەکان دروست بکەنەوە و هەردوو لایەنی ناکۆک لانیکەم لە سووریا یەکبخەنەوە و جۆرێک لە جۆرەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دروست بکەن و ئەو شێوە پەیوەندییە دەروازەیەکی فراوان و گەورە دەبێت لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکە.

رووداو: ئەنەکەسە و هەرێمی کوردستان دەڵێن پێشتر رێککەوتن هەبووە، لەوانەش رێککەوتنی هەولێر و دهۆک، بەڵام پەیەدە تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئەو رێککەوتنانەی پێشێل کردووە، هیچ زەمانەتێک هەیە لایەنی بەرامبەر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات؟

ریاز درار: لەسایەی ئەو رێککەوتنانەوە زۆر شت گۆڕاون، ئێستا دوای چوار ساڵ لەو رێککەوتنانە دەبێ جارێکی دیکە خوێندنەوەیان بۆ بکەین و دانیشین بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ بکەین، رێککەوتنە کۆنەکە تۆزی زۆری لەسەر نیشتووە، ئەمەش بەهۆی ململانێ و ئەو لایەنگیرییانەی کە هەن، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لەگەڵ ئەوانەدان کە رەتیدەکەنەوە ئەوان هەبن. ئەوان ئێستا لە ئیئتیلافدان و دانوستاندن دەکەن لەگەڵ رژێم. ئەوانەی لە ناوەوەن تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئەوان هاوبەشی رژێمن، لەبەرئەوە دەبێ زیاتر بوێر بین بۆ گوتنی هەق کە سیاسەتەکان گۆڕاون و دەستبکەین بەسەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ لە نێوان هەردوولادا. من لێرەوە داوا لە ئیئتیلاف دەکەم دەستبکات بە پێداچوونەوەی حیساباتەکانی و بوونی خۆی بسەلمێنێ
? ئەگەر بیەوێت بارەگاکانی بکاتەوە لەناو سووریادا.

رووداو: بەڵام ئەوانە حیزبی قەدەغەکراون و بارەگای ئەو حیزبانە داخراوە؟


ریاز درار: کەس ناتوانێ رێگری لە ئیئتیلاف بکات، چونکە ئێستا رێککەوتن هەیە، من دەڵێم لە داخستنی بارەگاکانیشدا ململانێی سیاسی هەیە، لە دانیشتنی یەکەمدا لەسەر مێزی گفتوگۆی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، هەموو نووسینگەکان دەکرێنەوە و ئیئتیلافیش لە دانیشتنی یەکەمدا دەتوانێ بارەگاکانی خۆی بکاتەوە.

رووداو: ناکۆکییەکانى نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە چۆن چارەسەر دەبن؟

ریاز درار: من دۆستی هەردوولام و دەزانم لە ناوەوە لە ئەنجوومەنی دیموکرات ئامادەیی هەیە لەپێناو دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو هێزەکان. بەبڕوای من یەکەم شت ئێمە دەبێ بە خستنەڕووی هەموو شتەکان لەسەر مێزی دانوستاندن دەستپێبکەین. دواتر ئەوە دەستنیشان بکەین کە نزیکە لە جێبەجێکردن، لەوەوە پەیوەندییەکان هەنگاو هەنگاو بونیاد بنێین لەپێناو گەیشتنە ئەنجامە گەورەکە کە بڕیار و ئاراستەکان یەکدەخات.

رووداو: لە کۆبانێ هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاریی پەیەدەیان کرد بۆ رزگارکردنی شارەکە، بەڵام پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات رێگری دەکەن لە پێشمەرگەی کوردی سووریا کە لە باشووری کوردستانن بچنە ناوچەکانی خۆیانەوە، تۆ لەگەڵ گەڕانەوەی هێزەکانی رۆژئاڤای بۆ ناوچەکانی خۆیان؟

ریاز درار: بێگومان. دەتوانن بگەڕێنەوە و دەبێ بە هەموو ئازادییەکەوە بگەڕێنەوە نەک لەسەر زەمینەی ململانێ و رکابەری و دەستشکاندنی یەکدی. ئەوە مافی سرووشتیی ئەوانە، بەڵام نەگەڕێنەوە لەسەر ئەو بنەمایەی ئێمە بەهێز گەڕاوینەتەوە، ئەو بنەمایە بوونی نییە و نابێ وەک دروشمیش بەرز بکرێتەوە.

رووداو: چۆن لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڕوانی لە بەرامبەر دۆخی کورد لە سووریا؟
ریاز درار: بەڕاستگۆیی بڵێم ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێشتا هەڵگری عەقڵیەتی حیزبی بەعسە، تا ئێستاش وا سەیری دۆزی کورد دەکات وەک ئەوەی دۆزی جیابوونەوە بێت، هێشتا زۆر لە رۆشنبیران وەک بەدوو سەیری کورد دەکەن.
?

رووداو: کەواتە ئیئتیلاف بەو هەڵوێستانە خۆی لە بەڵێنەکانی بەرامبەر کورد دزییەوە؟


ریاز درار: ئیئتیلاف ئەرکەکانی جێبەجێ نەکرد بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی دابووی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی. یەکەم ئەو دەستەیەی چووە لەندەن و بەڵگەنامەیەکی پێبوو باسی پێکهاتەکانی نەکرد بە یەک وشەش، بە زمانێک قسەی کرد هاوشێوەی زمانی هەموو بەیاننامەکانی حیزبی بەعسی پێشوو بوو. ئێمە بەرپرسیارێتییەکە دەخەینە ئەستۆی ئیئتیلاف، ئەوەی لە جنێڤ هەیە هیچ نییە و تەنیا رووکەشە، دیکۆرە و دەبێ نوێنەرایەتی راستەقینە بێت.

رووداو: تۆ باوەڕت بە بوونی بەشێک لە کوردستان لە سووریا هەیە بەناوی رۆژئاڤای کوردستان؟

ریاز درار: یەکەم شت کوردستانی مێژوویی، مافێکی سرووشتییە کە دەبێ کوردستان بێت، بوونی هەبێت و لە کیانی خۆیدا بژی، تاکە نەتەوە کە دەوڵەتیان نییە کوردن، بەبڕوای من ئەوان دەبێ توانای دروستکردنی دەوڵەتی خۆیان هەبێت. من بە چاوێکی گەورەتر تەماشای بابەتەکە دەکەم، کوردستانی گەورە..

رووداو: کوردستانی گەورە بەشێکی لە سووریایە..

ریاز درار: وەک ئەوەی من دەیبینم، چوار پارچەکەی کوردستان دوای دابەشکردنی ناوچەکە بوونەتە بەشێک لە ناوچەی دیکە، ئەو ناوچانەی دیکە دەبێ لە چوارچێوەی مافی هاونیشتمانیبووندا بەڕێوەببرێن، مافەکانی مرۆڤ، ئەوەی کە رێکخراوی نێودەڵەتی دانی پێدا دەنێت، چۆن دەتوانین ئەو داخوازییانە جێبەجێ بکەین؟ دەبێ تەنانەت ئەگەر ئەوە بگاتە بڕیاردان لە مافی بڕیاردانی چارەنووسیش، ئەوە قبوڵ بکەین.

رووداو: مافی بڕیاردانی چارەنووس تەنانەت بە سەربەخۆبوونیش؟ بە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد؟

ریاز درار: مافی بڕیاردان لە چارەنووس مافێکی سرووشتییە بۆ هەموو گرووپ?
داواکاری
دیمانه‌
 وتووێژ له‌ گه‌ڵ که‌ریم په‌رویزی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حدکا