ماڵه‌وه‌ · دابه‌زاندنه‌کان · لینکه‌کان · به‌شه‌کانی هه‌واڵ October 22 2017 22:47:31
پێرستی سه‌ره‌کی
ماڵه‌وه‌
دابه‌زاندنه‌کان
پرسیار و وه‌ڵام
لینکه‌کان
به‌شه‌کانی هه‌واڵ
په‌یوه‌ندی
ئه‌لبومه‌کان
گه‌ڕان
چوونه‌ژووره‌وه‌

داواکاری! ده‌سته‌ی به‌رێوه‌ به‌ری بیری نوێ
 به‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌کی خێرا به‌سه‌ر مێژووی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن له‌ جێهاندا، بۆمان ڕون ده‌بێته‌وه‌ که‌ ته‌نیا چه‌ند ده‌یه‌ له‌مه‌وه‌به‌ر نه‌ته‌نیا له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ڵکو له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگا ناوچه‌یی و هێرێمایه‌تییه‌کانیشدا ئه‌وه‌نده‌ لاواز بوون که‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و نه‌سله‌ی که‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌ باس بکرێ له‌وانه‌یه‌ به‌شێکی زۆریان باوه‌ڕ نه‌که‌ن. هه‌ر ئێستا له‌ ناو خه‌ڵکی به‌ساڵدا چوو زۆر که‌س هه‌ن که‌ له‌بیریانه‌و ده‌گێڕنه‌وه‌ کاتێک ڕادیۆ هاتۆته‌‌ ناو بازاڕه‌کانی وڵات، نه‌ته‌نیا جیا له‌ که‌سانێکی ده‌ست ڕۆیشتوو و ساماندار که‌سی دیکه‌ ده‌ره‌تانی وه‌دستهێنانی ئه‌و ئامرازه‌ی هه‌واڵنێری نه‌بوو، به‌ڵکو پێیان وابووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بێتو له‌ ماڵه‌ خۆشیاندا قسه‌یه‌ک بکه‌ن، خاوه‌ن ڕادیۆکان باسه‌کانیان ده‌بیستن.
 به‌پێچه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشکه‌وتنی زانست و تێکنۆلۆژی و کارتێکه‌ری ئه‌و پێشکه‌وته‌نه‌ له‌سه‌ر ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ئاستی پێوه‌ندییه‌کان به‌ڕاده‌یه‌ک چۆته‌ سه‌ر که‌ باس و شی کردنه‌وه‌ی له‌ وتارێکی کورتدا جێگای نابێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ هێنانه‌گۆر و باس له‌سه‌ر هێندێک کارتێکه‌ری خێرایی پێوه‌ندیه‌کان له‌سه‌ر ژیان و کاری ڕۆژانه‌ی مرۆف باسه‌که‌ له‌ حه‌وسه‌له‌ی خوێنه‌ران به‌ده‌ر نه‌بێ‌.
 هه‌روه‌ک ده‌بینین له‌ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مڕۆ‌ به‌ ده‌گمه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ له‌ دوو ئامرازی ڕاگه‌یاندن واته‌ تلویزیۆن و ڕادیۆ بێبه‌ش بێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ داموده‌زگای ڕاگه‌یاندن به‌ ڕاده‌یه‌ک زۆر بووه‌ که‌ مرۆڤ ‌فریا ناکه‌وێ به‌رنامه‌کانی ڕۆژانه‌ی هه‌موویان ببیستێ یان چاویان لێبکا. به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ له‌ سایه‌ی ئه‌و په‌ره‌گرتنه‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و پێوه‌ندی چڕوپڕی ئه‌و ده‌زگایانه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌واڵنێره‌کانیانه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی‌ هیچ ڕووداوێک نییه‌ که‌ له‌ژێر زه‌ره‌بینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ولاتانی جۆراجۆر ڕزگاری بێ و له‌ خه‌ڵک بشاردرێته‌وه‌.
 سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ئامراز و که‌ره‌سانه‌ی که‌ پێشتر باسمان کردن ئێستا تۆڕی ئینتێرنێت به‌‌شێوه‌یه‌ک کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌یه‌که‌وه‌ گرێ داوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا خه‌لکی گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌کان تاڕاده‌یه‌ک به‌رانبه‌ر به‌ یه‌ک نامۆ بوون، ئه‌مڕۆ نه‌ته‌نیاچاوه‌دێران و شاره‌زیانی سیاسی و زانستی و پرسه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاو له‌ خه‌ڵکی ئاسایی، به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌کان پێکه‌وه‌ ڕؤژانه‌ له‌ پێوه‌ندی دان و له‌سه‌ر پرسه‌کانی دڵخوازی خۆیان بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی یه‌کتریان له‌ نزیکه‌وه‌ دیبێ پێوه‌ندییه‌کی قووڵیان له‌ نێواندا دروست بووه‌.
 ئه‌گه‌ر به‌وردی و له‌ ڕوانگه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و ئامرازه‌ به‌رهه‌مداره بکه‌ین ده‌توانین ڕاشکاوانه‌ بڵێین ئه‌مڕۆکه‌ ئینتێرنێت دونیای نه‌ته‌نیا به‌وته‌ی زۆر که‌س به‌قه‌را گوندێک بچووک کردۆته‌وه‌، به‌ڵکوو هه‌موو دونیای له‌ ناو قوتوله‌یه‌کی بچکۆله‌ به‌ناوی کۆمپیۆتێر که‌ له ‌زۆر ماڵاندا به‌رچاو ده‌که‌وێ کۆ کردۆته‌وه و هه‌موو زانیارییه‌کانی خستۆته‌ به‌ر‌ده‌ستی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌لگای نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.‌
 هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ی کورد که‌ له‌ڕابردوودا له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌ره‌تان و که‌ره‌سه‌ی پێویست مه‌ودای ئه‌وه‌مان نه‌بوو که‌ هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ناعه‌داڵه‌تییه‌کانی زۆرداران و داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مان به‌ بیروڕای گشتی جیهان ڕابگه‌یه‌نین و یان کۆمه‌لێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌بیانووی نه‌بوونی زانیاری پێویست خۆیان له‌ ئاستی ڕووداوه‌کانی ولاته‌که‌مان که‌ڕ ده‌کرد و پشتیان له‌و به‌رپرسایه‌تییه‌ ده‌کرد که‌ به‌رانبه‌ر به‌و کێشانه‌ له‌سه‌ر شانیان بوو، ئه‌مڕۆ به‌بوونی ئه‌م ئامرازه‌ مۆدێرن وپێشکه‌وتویه‌ ئێمه‌ی کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست و بێبه‌ش له‌ هه‌موو مافه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تیمان ده‌توانین هاواری خۆمان به‌ بیروڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نین و کۆڕ و کۆمه‌ڵانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌و ناعه‌داڵه‌تیانه‌ی که‌ به‌دژی نه‌ته‌وه‌و وڵاته‌که‌مان که‌مان به‌کاردێن ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌.
 له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئێمه‌ ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ری بیری نوێ به‌و په‌ری سه‌داقه‌ته‌وه‌ تێده‌کۆشین زانیاری له‌ هه‌ر بارێکه‌وه‌ بگه‌ێنینه‌ ده‌س خوێنه‌رانی ئه‌و ماڵپه‌ره‌ نوێیه و پیلانی دوژمنانی گه‌له‌که‌مان له‌قاو بده‌ین‌، بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌رکه‌ قورسه‌ش دستی یارمه‌تی بۆ لای هه‌موو ڕووناکبیران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی نیشتمانپه‌روه‌ری کورد ڕاده‌کێشین و داوایان لێده‌که‌ین بابه‌ت و هه‌واڵی نوێمان بۆ ره‌وانه‌ بکه‌ن تا کو له‌و‌ سایته‌ نوێیه‌دا بلاوی بکه‌ینه‌وه‌ و له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وانیش بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی خۆیان له‌و سایته‌ وه‌ک تریبۆنێک که‌ڵک وه‌ربگرن.
 
 ده‌سته‌ی به‌رێوه‌ به‌ری بیری نوێ
 www.birinwe.com
داواکاری
دیمانه‌
 وتووێژ له‌ گه‌ڵ که‌ریم په‌رویزی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حدکا