به‌ خێر بێن بۆ ماڵپه‌ڕی بیری نوێ توێژەرێكی فەرەنسی: بەرژەوەندیی ئابووری پەكەكە و ڕژێمی ئەسەد لە یەكتری نزیكتر دەكاتەوە
نێردراو له‌ لایه‌نqelatok له‌ ڕۆژی
?  توێژه‌رێكی سیاسی فه‌ره‌نسا له‌ وتارێكیدا ده‌نووسێ پەكەكە به‌ر...
سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که

 توێژه‌رێكی سیاسی فه‌ره‌نسا له‌ وتارێكیدا ده‌نووسێ پەكەكە به‌رده‌وامه‌ له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی دان.


ئه‌م توێژه‌ره‌ به‌دووری نازانێ (په‌یه‌ده‌)ی باڵی كوردستانی رۆژئاوای پەكەكە بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی توركیا و چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌، هه‌مان په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دابمه‌زرێنێ.


فابریس بالانش مامۆستای زانكۆی لۆید و توێژه‌ری سیاسی و شاره‌زا له‌ كاروباری سووریا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ دوا وتاریدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (The Washington Institute) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا دەكات، پێی وایه‌ دوای ئه‌وه‌ی په‌كەكە نائومێد بوو له‌وه‌ی كانتۆنه‌كانی جه‌زیره‌ و عه‌فرین به‌یه‌كه‌وه‌ گرێبدات، له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریا ڕێكه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستی توركیا بكات و ڕێگه‌خۆشكه‌ر بێت بۆ هاتوچۆ و بازرگانی نێوان كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا.


باڵانش زیاتر شی ده‌كاته‌وه‌ و ده‌نووسێ كە ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای سووریای ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی ئه‌سه‌د پێویستیان به‌ په‌مۆ و گه‌نم و نه‌وتی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستانی سووریا و له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پەكەكە به‌رهه‌م دێن. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كە پەكەكەش پێویستی به‌ هاورده‌كردنی كاڵاكانی دیكه‌یه‌ بۆ ڕۆژئاوا، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوو‌ه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ڕێك بكه‌ون و په‌یه‌ده‌ چیتر یه‌ك ده‌روازه‌ی به‌ ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌روازه‌ی پێشخابوور بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.


به‌ پێی زانیارییه‌كانی باڵانش، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی پەكەكە و ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ بازرگانی هاوبه‌شی كاڵا. بۆ نموونه‌ش نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌نمی كانتۆنی جه‌زیره‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وام هه‌نارده‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د ده‌كرا، ئه‌گه‌رچی بارهه‌ڵگره‌كان ناچار بوون به‌ ناو جه‌رگه‌ی چه‌كدارانی داعشدا تێپه‌ڕن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باج به‌ چه‌كداران بده‌ن. هه‌ر كاتێكیش تانكه‌ره‌كانی نه‌وت گواستنه‌وه‌ سووته‌مه‌نیان بۆ كانتۆنی عه‌فرین بردبێت، باجیان به‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ داوه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی توركیان؛ به‌ڵام له‌ دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی شوبات، په‌یه‌ده‌ له‌ ڕێگه‌ی سوپای سووریاوه‌ به‌ حه‌له‌بدا تێپه‌ڕ ده‌بێ و سوته‌مه‌نی بۆ عه‌فرین هه‌نارده‌ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د به‌رده‌وامه‌ له‌ باج وه‌رگرتن بۆ گواستنه‌وه‌ی كاڵا، به‌ڵام نرخی باجه‌كان دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.


باڵانش باس له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆش ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌گه‌رچی ئه‌م فرۆكه‌خانه‌یه‌ له‌ ناو قووڵایی ڕۆژئاوای كوردستانه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی سوریادایه‌ و پەكەكەش هه‌رگیز هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی نه‌داوه‌، چونكه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ی ئاسمانییه‌ كه‌ ڕۆژئاوا به‌ دیمه‌شق و چه‌ند وڵاتێكی دراوسێوە ده‌به‌ستێته‌وه‌.


ئه‌م توێژه‌ره‌ پێی وایه‌ په‌كەكە هێشتا توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ و خۆی له‌ ڕژێمی سووریا به‌ دوور بگرێت، چونكه‌ تا ئێستەش به‌شه‌ ده‌رمان و موچه‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌ت له‌ لایه‌ن ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م فرۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆوه‌ ڕه‌وانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن.


له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، بالانش ئاماژه‌ به‌ ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كات له‌ نێوان پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و پارێزگای كه‌ركووك به‌ هاوكاری ئێران و په‌كەكە. ئه‌و زیاتر شی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌كەكە به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی زه‌مینی دیكه‌ جگه‌ له‌ پێشخابوور، ئێرانیش بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك له‌ نێوان تاران و دیمه‌شق هاوكاری ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ ده‌گاته‌ كه‌ركووك و دواتریش له‌ ڕێگه‌ی پارێزگای سلێمانی ده‌گاته‌ سنووری ئێران. ئه‌م توێژه‌ره‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خوازیاره‌ ئێران له‌م پرۆژه‌یه‌دا سه‌رنه‌كه‌وێ، پێویسته‌ هه‌ژموونی خۆی له‌ كوردستانی سووریا به‌رز بكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه: باسنیوز