به‌ خێر بێن بۆ ماڵپه‌ڕی بیری نوێ ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو فەرمانگەکانی کەرکووک هەڵکرا
نێردراو له‌ لایه‌نqelatok له‌ ڕۆژی
?  دوای مانگێک لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ...

سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که
 دوای مانگێک لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئیدارەی کەرکووک لەڕێگەی لیژنەیەکەوە کە راستەوخۆ پارێزگاری کەرکووک سەرپەرشتی دەکات، ئاڵا کوردستانی لەسەر سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان هەڵکرد.

فەلاح بەزاز، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک دەڵێ "ئێمەش وەکو فەرمانگەکانی دیکە پابەندی بڕیارەکەی ئیدارە و ئەنجوومەنین، سەر دادەنەوێنین بۆ ئاڵای عێراق و ئاڵای کوردستان، وەکو فەرمانگەکانی دیکەش (ئاڵای کوردستان) لای ئێمەش هەڵکرا".

ئەو فەرمانگانەی پشکی عەرەب و تورکمانن، بەهەمان شێوە ئاڵای کوردستانیان لەسەر هەڵکرا و، دەبێت بڕیارەکە لەماوەی هەفتەیەکدا لەسەر تەواوی فەرمانگەکان جێبەجێبکرێت.

یاڵچین مەهدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک دەڵێت "ئەوە بابەتێکی سیاسییە، ئێمە پەیوەندیمان بە خزمەتگوزارییەوە هەیە، بەڵام بڕیارێک کە لە ئیدارەوە دەربچێت، ئێمە پێیەوە پابەند دەبین. ئەوان هاتن و ئاڵاکەیان هەڵکرد".

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هۆشداری دەدات هەر بەڕێوەبەرێک پابەندی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نەبێت، رووبەڕووی سزا و یاسا دەبێتەوە.

عیرفان کەرکووکلی، هەم ئەندامی لیژنەی ئەمنییە، هەم سەرۆکی پارتێکی تورکمانییە، داوا دەکات هەمووان پابەند بن و نەبنە هۆی کێشە دروستکردن، چونکە ئەو بڕیارە گەڕانەوەی بۆنییە.

کەرکووکلی دەڵێ "لە نووسراوەکەی پارێزگاری کەرکووکدا هاتووە و، فەرمانگەکان پابەندی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کراون، دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئەوەشی کە جێبەجێی نەکات، بەگوێرەی ئەو نووسراوە و بڕیارەی دراوە، سزای یاسایی دەدرێت".

بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان کە لەسەرەتاوە بەتووندی دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەستانەوە، ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و، هیچ کاردانەوەکیان لەسەر ئەو بڕیارەی ئیدارەی کەرکووک نییە.


viewpage.php?page_id=497
سه‌رچاوه: رووداونێت 01/05/2017