به‌ خێر بێن بۆ ماڵپه‌ڕی بیری نوێ تورکیای دوای ئه‌ردۆغان
نێردراو له‌ لایه‌نqelatok له‌ ڕۆژی
 ئەردۆغان لەیەکەم خولى هاتنە سەر حوکمیەوە وەک جیاوازییەک...
سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که
 ئەردۆغان لەیەکەم خولى هاتنە سەر حوکمیەوە وەک جیاوازییەک دەرکەوت. لە دژى سەپێندراوەکانى پێش خۆى ئازایەتى زۆرى نواند. بانگەوازى پەسەندکردنى پەسەندنەکراوەکانى کرد، دەرگاى بە ڕووى جیاوازییەکاندا کردەوە. سەرنجێکى زۆرى بۆ خۆى راکێشا، لە ئاستى نێودەوڵەتى و بەتایبەتى ئەوروپا وێنایەک دروست بوو کە دوور نییە ئەم پیاوە ببێتە پاڵەوانى رووخاندنى دیوارە پۆڵاینەکانى ئەوروپا بە رووى تورکیادا. لە ئاستى ناوخۆى تورکیاشدا زۆر کەسى بێ ئومێد هیواى بۆ دروست بوو، بە دیاریکراوى لەناو کۆمەڵگە چەوساوەکاندا کە زۆرینەى تورکیایان پێکدەهێنا، وەک ئاسۆیەک بۆ رەخساندنى دەرفەتى ژیان کەوتە بەرچاو، بۆیە خەڵکێکى زۆر بەدووى کەوتن، بە شوێنکەوتنێک کە تا ئێرە ئەردۆغانى هێناو تەنانەت بۆ گلۆربوونەوەى تورکیا بەرەو تاریکى و شەوەزەنگ پشتیوانییان لێکرد.

لەناو ئەو کۆمەڵگە چەوساوانەى تورکیا کە بوون بە شوێنکەوتەى ئەردۆغان، بەشێکى زۆریان کورد بوون، سەرەڕاى هەندێ هۆشیاریدانى پەکەکە و چالاکوان و کاراکتەرى سیاسی کورد لە باکوور کە ئەردۆغان ئەوەى دەیکات تەنیا رووپۆشى شاردنەوەى ستراتیجە مەترسیدارەکانیەتى و لە جەوهەردا هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر تورکیا و بۆ کوردستان، بەڵام لەناو زۆرینەیەکى کورددا گوێ بەم بانگەواز و جۆرە گوتارە لە هەڵسەنگاندن بۆ ئاکپارتى و سەرۆکەکەى، نەگیرا و شێلگیرانەتر کەوتنە پشتیوانیکردنى.
?

ئەوانەى بوون بەشوێنکەوتە یان هەوادارى سیاسەتەکانى ئاکپارتى، گوێیان لەو گوتارە سەرنجڕاکێش و هەستبزوێنانەى ئەردۆغان دەبوو کە بانگەشەى قبوڵکردنى کوردی دەکرد پێچەوانەى هەموو دەسەڵاتەکانى پێش خۆى، هەروەها بەکرداریش ئەوەیان دەبینى کە روودەدات لە هەڵتەکاندنى رەگوڕیشەى کەمالیزم، لە پەراوێزخستنى رۆڵى سوپا، لە رەخساندنى زەمینەى کارى سیاسى بۆ کورد، دەرفەتدان بە دامەزراوەى میدیایى و بڵاوکراوەى کوردى، کردنەوەى تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و چاپەمەنى، مۆڵەتدان بە حیزبى سیاسى کوردی و زۆرى تریش. تەنانەت لەناو پەکەکە و هێزە کوردیەکانى ترى باکووریش جۆرێک لە ئیعجاب بۆ ئەردۆغان دروست بوو کە دەبێتە فریادڕەسى کورد و تەنانەت بۆ تورکیاش، بە چاوێکى پڕ لە هیواوە لە هەنگاوەکانیان دەڕوانى.
?

پێچەوانەى ئەم هاوسۆزییە، ئەوانەش کەم نەبوون کە هەر لە سەرەتاوە پێیان وابوو ئەوەى ئاکپارتى و ئەردۆغان دەیکەن، تاکتیکن بۆ ستراتیجێکى رانەگەیێنراو. لەناو تورکیایەکى بەهێزى دامەزراو بە چەمکەکانى کەمالیزم، لە وڵاتێکدا چەندین جار کودەتاى سەربازى کۆتایى بەدەسەڵاتى هەڵبژێردراو هێناوە، لە تورکیایەکدا چەند جارێک و لەژێر ناو و چەترى جیاوازدا حیزبى ئیسلامى داخراون، ئاک پارتى وەک هێز و ئەجندایەکى ئیسلامى سیاسى پێویستى بەوە بوو شوێنى خۆى قایم بکات تا ریشەى هەڕەشەکانى سەرخۆى بپچڕێ و لەمپەرەکانى بەردەم ئامانجە ستراتیژییەکانى لابەرێت. بۆ ئەمەش پێویستى بە کرانەوە و قبوڵکردنى جیاوازى هەبوو، پێویستى بە زەمینەى ئازادیى کارى سیاسى و راگەیاندن بوو، بۆ لێدان لە سوپا و کەمکردنەوەى رۆڵیان پێویستى بە ئاشتى هەبوو. هەموو ئەمانەى کرد، تا ئەوکاتەى دڵنیابوو کە کۆڵەگەکانى چەسپاندووە و ئیتر ترسى لە لەقبوونیان نەماوە، لە ماوەیەکى کورتدا دەرگاى بەڕووى جیاوازییەکاندا داخستەوە، کۆتایى بە ئاشتى هێنا، دەیان کەناڵ و دامەزراوەى میدیاى داخست، زەمینەى کارى سیاسى بەرتەسک کردەوە، سەدان چالاکوانى سیاسى و تەنانەت پەرلەمانتار و سەرۆکى شارەوانى و تا ئاستى سەرۆکى حیزبى سیاسى خستە زیندانەوە.

هەرچەندە ئەردۆغان ئەو مەیلە سوڵتانیە لەخەیاڵدانیدا هەبوو، خواستى دەسەڵاتخوازى و پاوانکردنى هەموو جومگەکانى دەسەڵات مەیلێکى شاراوە نەبوون، بەڵام ئەوەى واى دەکرد سەردەمى سەرەتاکانى ئەردۆغان جیاواز بێت، ئەو ئومێدە بوو بە پەڕینەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام دواى ئەوەى کە تەواو دڵنیابوو لەوەى لەمپەرەکانى ئەوروپا بۆ پەڕینەوەى تورکیا سەختتر بوون، نائومێد بوو لەوەى دەرگاى بەڕوودا بکرێتەوە، لەمەشدا بزووتنەوەى خزمەت (گویلەنییەکان) رۆڵێکى زۆریان بینى لە هاندانى ئەوروپیەکان بۆ نائومێدکردنى ئەردۆغان، ئەمەش زیاتر پاڵى نا بە ئەردۆغانەوە بگەڕێتەوە سەر خەسڵەتە ئەسڵیەکەى خۆى و سیما رۆژهەڵاتیەکەى وەرگرێت، ئیتر وەک دەسەڵاتە رۆژهەڵاتییە ستەمکارەکان دەبنەوە بە بەشێک لە کۆمەڵگە راستەقینەکە کە کۆمەڵگەیەکى رۆژهەڵاتین.

بە دیاریکراوى لە دواى هەوڵى کودەتا شکستخواردووەکەوە ئەوەى لە تورکیا دەگوزەرێت، هەموو ئەو ئامرازانەى
? ئەردۆغان بەکارى بردوون، ئەو سیاسەتانەى پەیڕەوى کردوون لە سەرکوتکارى و پاکتاوکردنى نەیارەکانى، بەرتەسککردنەوەى ئازادیى کارى سیاسى و میدیایى، ئەمانە وەکو پێویستى قۆناعى پەڕینەوەى تورکیا بۆ سەردەمێکى تر کردووە، ئەو سەردەمەى کە تورکیاى دواى ریفراندۆم بۆى دەستەبەر دەکا. تورکیایەک دەبێت کە ئەردۆغان دەیخوازێت نەک پێویستیى کۆمەڵگا، تورکیا بەرەو ناوەندگەرایى و تاکگەرایى دەسەڵات دەبات، هەموو جومگەکانى دەسەڵات وابەستە دەکات بە شەخسى سەرۆکەوە، سوپا، دەسەڵاتى دادوەرى، بەڕێوەبردنى کاروبارى رۆژانەى خەڵک و وڵات، تەنانەت حیزب و دامەزراوە میدیاییەکانى حیزبەکەى و دەوڵەتیش. ئێستا ئیتر مەعلومە کە ئەردۆغان بەم هەموو دەسەڵاتەوە تورکیا بەرەو کوێ دەبات، بەڵام ئەوەى ناڕوونە تورکیاى دواى ئەردۆغانە.?

زۆر کەس ئەم هەنگاوانەى ئەردۆغان و تورکیاى دواى ریفراندۆم بە سەردەمى ئەتاتورک دەچوێنن کە تورکیا بۆ سەردەمى کەمال ئەتاتورک دەگەڕێنێتەوە. دەشێ لە رەفتار و کردار و ژیانى سیاسى وڵاتدا سەردەمێکى هاوشێوە دروست بکاتەوە، بەڵام ئەتاتورک خزمەتى گەورەى بە بنیاتنانى تورکیا کرد، بناغەى دامەزراوە دەوڵەتییەکانى بۆ سەردەمانێکى زۆر دواى خۆیشی بە پتەوى مانەوە، تەنانەت تێڕوانینەکانى بەجۆرێک بە سیستەماتیکى کردبوو کە زیاتر لە نیو سەدە دواى مردنیشى، کەمالیزم هەر وڵاتى بەڕێوەدەبرد. بەڵام ئەوەى ئەردۆغان دەیکات بە دامەزراوەکردن نییە، بەڵکوو توانەوەى هەموو دامەزراوەکانە لە خودى خۆیدا، وابەستەکردنى هەموو جومگە دەوڵەتدارییەکانە بەپێگەى سەرۆکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە دواى ئەردۆغان تورکیا چى بەسەر دێت؟

کورد لە تورکیا چى دەکەن بۆ ئێستا بەدواوە کە سەردەمى تاریکى و بەرتەسکبوونەوەى ئازادى و داخستنى دەرفەتەکانى بەشداریى سیاسییە، چۆن خۆیان ئامادە دەکەن بۆ تورکیاى دواى ئەردۆغان؟ چونکە تورکیاى نوێ ئەگەرچى تورکیایەکى مەرکەزى، دەسەڵاتێکى بەهێزى سەرکوتکار دەبێ، بەڵام تەمەنى دەسەڵاتەکان و دەوڵەتە تازەکەى ئەردۆغان زۆر درێژ نابێت و زوو دەڕووخێت.

عارف قوربانی
سه‌رچاوه: رووداونێت